ئه‌وین

ئارامی
ڕێز
پێکه‌نین
حه‌سانه‌وه‌
له‌گه‌ڵ تۆ
و
له‌ باوه‌شی تۆدا
فێر بووم.
هه‌رچه‌ند هاوڕه‌گه‌ز
هاوزمان
یان
هاو نه‌ته‌وه‌ نه‌بووین

هه‌ڵوێست

ماوه‌یه‌که‌ ئێران و بارودۆخی سیاسی ئێران له‌ جاران ناله‌بارتره‌،ماوه‌یه‌که‌ خه‌ڵک له‌وێ ده‌گیرێن و ده‌کوژرێن و له‌ ناوخۆ و ده‌رێ خۆپیشاندانه‌،نازانم چی بڵێم،کاتی خۆی که‌ شوانه‌ قادری کوژرا و خه‌ڵکی کوردستانی ئێران-باوه‌ڕم به‌ کوردستانی گه‌وره‌ هه‌یه‌ به‌ڵام وه‌ک خودا وه‌دی نایه‌- خه‌ڵکی به‌شه‌کانی تر ئێران زۆر جیدییان نه‌گرت و هه‌ڵوێستێکی وایان نه‌گرت،من ناڵێم ئێمه‌ی کوردی ئێرانیش وابین،هه‌رچه‌م وانیه‌ و زۆر خوێندکار،لاو،پارێزه‌ر،مامۆستا و چالاکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی کورد هه‌ڵوێستان ده‌ربڕیوه‌ و پشتگیری و ته‌نانه‌ت به‌شداریان کردوه‌ به‌ڵام جاری وایه‌ ده‌ڵێم ئه‌وان ئاگایان له‌ ئێمه‌ نیه‌،چۆن باوه‌ڕیان پێ بکه‌ین؟به‌هه‌رحاڵ ده‌بێ له‌سه‌ر حه‌ق وه‌جواب بێن ئیدی بیانووی ناوێ.
هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئێران بۆ من وه‌ک ئاڵگوڕێکی ئه‌وتۆی حکوومه‌تی ئێران نه‌بوو و زۆریش سه‌یر نه‌بوو ئه‌حمه‌دی نیژاد ده‌نگ بێنێته‌وه‌ چوونکه‌ کارمه‌ند و هه‌ژاره‌کان به‌ سه‌د هه‌زار تمه‌ن مووچه‌ی زیاتر ئه‌و به‌ موسه‌وه‌یه‌ک که‌ ئه‌زمونی حکوومه‌تداری خه‌ڵک وه‌بیر خومه‌ینی و سه‌رده‌می شه‌ڕی ئێران و عێراق دێنێته‌وه‌ و به‌ که‌روبیه‌ک که‌ کاتی خۆی له‌پۆستی سه‌رۆک کۆماری مه‌جلیس هیچی به‌ هیچ نه‌کرد ته‌رجیح ده‌ده‌ن،باسی خۆفرۆشی بۆ سه‌د هه‌زارتمه‌ن نیه‌، باسی نه‌بوون ژیانی ئابوری باشه‌،بۆ ئه‌وان ده‌ تمه‌نیش له‌و گرانیه‌ هه‌موو شتێکه‌.دوایه‌ش ئه‌وه‌ که‌ی دێمۆکراسی و هه‌ڵبژاردنی دێمۆکراتیکه‌ که‌ پاش ئاکامه‌کانی هه‌رچه‌ند ته‌قولوب و فێلی تێدابێ بیکه‌ینه‌ هات و هاوار؟
ڕاسته‌ که‌ ئاڵگۆڕی ئێران له‌ ناوخۆدا و به‌ده‌ست نزیکه‌ ناڕازیه‌کانی حکوومه‌ت ده‌کرێ و له‌ ده‌ره‌وه‌ ناکرێ.ته‌نیا خاڵی گرینگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌و ماوه‌یه‌دا یه‌که‌م ئاگری نه‌ترسان و دژایه‌تی و شۆڕشی سه‌رانسه‌ری لێ درا و له‌ ماوه‌ی ده‌ هه‌تا سی ساڵی داهاتوودا ئاڵوگۆڕ پێک دێ،چ ئاڵوگۆڕێک و چۆناوچون نازانم به‌ڵام ئێستا ساڵه‌کانی 1342 ی ئێرانه‌ و هه‌تا 57 ده‌بێ دڵمان خۆش بێ و هیواداربین.

له‌ مێژه‌ لێره‌ نانووسم.ده‌زانم بۆ به‌لام نانووسم بۆ.هۆکاری زۆره‌،ڕه‌نگه‌ ماندوویی بێ،من ماندووم.به‌ڵام له‌ ناخی ده‌روونم دا شادم.
چه‌ند ڕۆژێکه‌ بوومه‌ته‌ سی و یه‌ک ساڵ،له‌ چه‌ند ڕۆژ پێش سی و یه‌ک ساڵیمه‌وه‌ هه‌تا ئێستا رووداوی سه‌یر و ناخۆشم لێ رووده‌دا به‌ڵام من نابه‌زم،له‌ ساڵی 2004 ه‌وه‌ زۆر قایم بووم، له‌وکاته‌وه‌ی هه‌واڵی مردنی بابم بیستوه‌ ئیدی له‌ ده‌ست دانی هیچ شتێکی تر ناهومێد و بێ هیوام ناکا،بۆخۆشم پێم سه‌یره‌ بۆ وا دڵم ره‌ق بووه‌،جاران زۆر باش بوو زۆر ده‌گریاممدوایه‌ سووک سووک ده‌بووم،به‌ڵام ئێستا وه‌ک ئه‌و ژنانه‌ی له‌ عوزر ده‌وه‌ستنه‌وه‌م منیش کانی فرمێسکم ویشکاوه‌ و چی تر ناگریم.یانی هه‌وڵ ده‌ده‌م بگریم به‌ڵام گریانم نایه‌.
له‌ جیاتی گریان وه‌ک ژانی منداڵ بوون و زه‌یستانی،دڵم و شان و پیلم و باسکی راستم ده‌ته‌زن و ژان ده‌که‌ن و پاشان که حه‌مامێکی ئاوی گه‌رم ده‌که‌م ده‌حه‌سێمه‌وه‌ به‌ڵام سووک نابم.
ئه‌وڕۆژانه‌ به‌ پێیان زۆر ده‌ڕۆم، رۆژانی شه‌ممه‌ و یه‌کشه‌ممه‌ نزیکه‌ی 5 کیلومێترێک ره‌نگه‌ زیاتریش بڕۆم و جاری وایه‌ نازانم سه‌رم له‌ کوێ ده‌رهێناوه‌.پیاده‌ ره‌ویم زۆر پێ خۆشه‌، هه‌ست ده‌که‌م به‌ پێیان رۆیشتن هه‌موو خه‌مه‌کانم،هه‌موو ئۆقده‌ و گرێکانی دڵ و ده‌روونم له‌ ناو جه‌سته‌م وه‌ده‌ر ده‌نێ و که‌مێم ، زۆر نا، ته‌نیا که‌مێک له‌ باره‌ قورسه‌کانی ژیانم لێ سووک ده‌کا.
حه‌وتووی پێشتر له‌ هه‌موو کلیسا گه‌وره‌کانی شار شه‌مم هه‌ڵگیرساند و گۆڵم به‌ سه‌ر چۆمی سێندا په‌ڕ په‌ڕ کرد،ئه‌و حه‌وتوویه‌ش کاتژمێرێک وه‌ک خه‌ڵکێکی دیکه‌،له‌ ده‌وری پیاوێکی روح سووکی کلۆن کۆبوومه‌وه‌ و به‌ ژێست و قسه‌کانی و ته‌ڕده‌ستیه‌کانی پێکه‌نیم.
له‌ هه‌ر شه‌قامێکی پاریس تووشی شتێک ده‌بم،خه‌ڵکانێک که‌ بۆ مافی ژیوار و سروشت کۆبوونه‌وه‌ یان داوای مافی خه‌ڵکی فه‌له‌ستین ده‌که‌ن ، یان رێکلام بۆ سه‌فه‌ر و خوارده‌مه‌نی و موسیقای یونان ده‌که‌ن و یانیش پوڵ بۆ خاچی سوور کۆ ده‌که‌نوه‌ و یانیش وه‌ک ئه‌و پیاوه‌ خه‌ڵک وه‌ پێکه‌نین ده‌خه‌ن. خه‌ڵکانێکی تر له‌به‌رده‌رگای شاره‌داری خه‌ریکی وه‌رزشی تێنیس و چاولێکردنی فیناڵی ژنانی ئو وه‌رزشه‌ بوون.
موزه‌کانیش پڕن له‌ خه‌ڵکم من ته‌نیا خۆم به‌ موزه‌ی پۆتی پاله‌ دا کرد و که‌مێک وێنه‌ و تابلۆ و ئاسه‌واری سه‌ده‌کانی ده‌ تا پازده‌ی زایینیم دیتن که‌ باسێک بوو له‌سه‌ر هوونه‌ری مه‌زهه‌بی و دینی،ئه‌و هه‌موو پوڵ و سروه‌ت و زێڕه‌ی ئه‌وکات خه‌ر جی جل و به‌رگی که‌شه‌کان و په‌رده‌ی کلیساکان و شه‌مدانه‌ زێڕه‌کان کراوه‌ و خه‌ڵکیش له‌ برسان ده‌مردن،هه‌ر وه‌ک ئێستا مه‌لاکان ی مزگه‌وتکان و واتیکان و که‌شه‌کان و هه‌موو ئه‌وانه‌ی باسی دین ده‌که‌ن و پوڵ بۆ خه‌ڵکی هه‌ژار کۆده‌که‌نه‌وه‌ و بۆخۆشیان جل و به‌رگ و ماشێن و ماڵی سازکراو له‌ زێریان هه‌یه‌.
جاران بۆ هه‌ر شه‌مێک له‌ کلیساکان دامده‌گیرساند یه‌ک یۆرۆ یان دوانم له‌ سندوق ده‌هاویشت ئێستا ته‌نیا سی سانتیم چوونکه‌ ده زانم هه‌ر به‌وه‌نده‌یه‌ و خودا پێی خۆش نیه‌ کچێکی وه‌ک من هه‌ژار و تازه‌ ده‌ست به‌ گیرفان گه‌یشتوو دوو ئۆرۆ بۆ شه‌مێکی بچووک بدا و بگری.

ده‌ڵێن که‌سێک که خه‌می زۆر بێ و به‌سه‌رهات و ژیانێکی ناخۆشی هه‌بێ،عاقڵ و زانا ده‌بێ،من ده‌ڵێم نامهه‌وێ زانا بم و زۆر که‌سم دیوه‌ زۆر ژیانێکی پڕ ئازاریشیان بووه‌ و عاقڵ نه‌بوون.خراپتر بوون

ئه‌رێ دایکی تۆش ئه‌وه‌نده‌ مه‌زلوومه‌؟دایکی تۆش وا ماندوو و لاوازە؟دایکی من نەخۆشە،زۆر لاوازە،ئیدی هیچ ناتوانێ بخوا،کە بە تەلەیفون دەنگی منی گوێ لێ دەبێ دەگری،چاوەکانی سوێی نەماوە،دەستەکانی دەلەرزن؛ دایکی من پیر نیە، من کچە گەورەکەیم،55 ساڵە،بەڵام وەک پیرە ژنێکی 90 ساڵی ئێرە شکاوەتەوە، دڵیم بۆی دەسووتێ، نەخۆشە، دەست بە داوێنی هەموو خودایەک بووم بۆ ئەوەی زوو چاک بێتەوە، خودایەک کە دایکی من نەخۆش دەخا خودا نیە، دڵی نیە، ئەرێ دایکی تۆش ئەوەندە مەزلومە؟دڵم تەنگە

بنووسن با منیش بنووسم

جاری وایه‌ ده‌ڵێم با بچم شتێک بنووسم به‌شکم بلۆگه‌که‌م ته‌پ و تۆزی له‌سه‌ر نه‌نیشێ، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ له‌وه‌تا بوومه‌ته‌ سی ساڵ و هه‌ست به‌ پیر بوون ده‌که‌م ، ئیدی ناتوانم پێ به‌ پێی کات و چرکه‌کان بڕۆم و هه‌نگاو هه‌ڵبێنم.زۆر ماندووم،نازانم هی چیه‌،ماوه‌یه‌که‌ نه‌خۆشم.هه‌رچی ده‌رد و به‌ڵای ساڵی دووهه‌زاروهه‌شت بوو هات بۆ من.هه‌ر پێم کرا بچمه‌ دوکتور،هه‌ست ده‌که‌م جه‌سته‌م زۆر ماندوویه‌.ئه‌و ماوه‌یه‌ له‌سه‌رکاریش جگه‌ له‌ پشووه‌ فه‌رمیه‌کان هیچ پشوویه‌کیان نه‌دامێ چوونکه‌ تازه‌ ده‌ستم به‌ کار کردوه‌ و ده‌بێ ببێته‌ ساڵێک بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست و دڵ بازی بکه‌ن. نازانم جه‌سته‌ی ماندووم له‌گه‌ڵم دێ هه‌تا مانگی ژوئه‌نی داهاتوو یان نا.خه‌ریکه‌ وه‌ک سه‌ره‌ژن ده‌چم بۆ سه‌ردانی ژنانی دۆست و ئاشنا وا تازه‌ منداڵیان ده‌بێ و دۆستانی نزیکمان خه‌ریکن یان زماوه‌ند ده‌که‌ن-ئه‌وانیش وه‌ک ئێمه‌ به‌ سه‌ری پیری-یان منداڵیان ده‌بێ و یان ماڵ ده‌کڕن و وه‌ک که‌یخودا پێمان ده‌کرێ کادۆ بکڕین و سه‌ریان بده‌ین.ئه‌ویش منی وه‌حشی که‌ له‌ خۆم زیاتر که‌سم له‌ مارسێی نه‌ده‌دی.جاری وایه‌ وه‌ک ئه‌وشۆ ماندووم.ماڵ گوێستنه‌وه‌،کار گۆڕین،تێکه‌ڵ ژیانی هاوبه‌ش بوون،نه‌خۆش که‌وتن،هه‌مووی له‌ ماوه‌یه‌کی که‌مدا ماندووی کردووم.پێم خۆشه‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌ نیس،دوو حه‌فته‌یه‌ک له‌وێ هه‌ناسه‌ی راحه‌ت هه‌ڵکێشم و هه‌تا ده‌توانم هیچ نه‌که‌م،که‌س نه‌بینم و ته‌نیا بخه‌وم و به‌س.
ئیدی زۆر که‌م دێمه‌ بلۆگستان،خه‌ڵک ئاوا وه‌ک خۆم بێ ده‌نگ ده‌بینم خه‌مناک ده‌بم،جاروبار بنووسن با منیش روحی نووسینم تێدا نه‌مرێ.له‌گه‌ڵ ژنێکی جووله‌که‌ بوومه‌ته‌ دۆست.نیگارکێشه‌،من و ئه‌و و کوڕێکی مه‌سیحی پێکه‌وه‌ داده‌نیشین، جاروبار باسی ئه‌وین و ئه‌وینداری مرۆڤه‌کان ده‌که‌ین.سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر سێکمان ئه‌ویندارین،زۆر چاک له‌یه‌ک ده‌گه‌ین.بۆخۆشم پێم سه‌یره‌ چۆن له‌گه‌ڵ یه‌ک سازاوین،زۆرمان جیاوازی له‌گه‌ڵ یه‌ک هه‌یه‌ به‌ڵام چوونکه‌ هه‌ر سێکمان له‌ ئارامی و ئاشتی ده‌گه‌ڕێن و تینووی ئه‌وینین، یه‌کمان خۆش ده‌وێ.ئه‌رێ ئه‌گه‌ر ئارامی و ئاشتی ئه‌وه‌نده‌ هاسانه‌ چۆنه‌ جیهان ئه‌وه‌نده‌ پێچه‌ڵه پووچه‌؟‌ .

the duchess


باسی کچێک, سەردەی نۆزدەی ئینگلیستان دەکا کە بە بێ ئەوەی تامی ئەوین بزانێ دەبێتە ئامرازێک بۆ مێردەکەی کە کوڕێکی پێشکەش بکا بۆ ئەوەی رەگەز کوێر نەبێ پیاوێک کە تەماح لە هەموو کچ و ژنێک دەکا بە هەموو شیوەیەک خەیانەت بە ژنەکەی بکا و تەنانەت دوو سەگەکەی لە ژنەکەی خۆشتر دەوێ. جۆرجینا نموونەی ژنانی کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵات و ئێران و کوردستانە،هەرچەند ئیستاکە کەمێک لە جاران باشترە.

پوڵ

هەتا زیاتر بە شوێن داواکاری و ئاواتەکانتدا دەکەوی و هەوڵیان بۆ دەدەی،زیاتر هەست بە ناهومێدی دەکەی. بارودۆخی ئابوری جیهان خراپتر بووە و لەوەش خراپتر دەبێ. هەژاری و فەقیری تەنیا لە شەقامەکانی شارو دێهاتەکانی ئێران نابینی، لێرە لە فەرانسە، لە نێو ناخی پاریسیش دا مەرگی سواڵکەرەکانی دارستانی وەنسێن و هاواری ژنانی منداڵەوەبەری سەر عەرزە تەڕەکانی مێترۆ دڵت پڕ دەکا و رێگای نەفەس کێشانت لێ دەستێنێ. هەژاری زۆر ترسناکە.ئەرێ قەت بووە بێ پووڵ بی ؟قەت بووە شتێکت پێویست بێ بەڵام نەتوانی بیکڕی؟
پووڵ چی لەو جیهانە کردووە. زۆر سەیرە هەموومان گیرۆدەی پوڵین. ئەگەر پوڵت بێ هەموو شتێکت هەیە هەرچەند هیچیشت نەبێ.ئەگەر هەژاریش بی، هیچت نیە هەرچەند هەموو شتێکیش لە خۆتدا شک بەری. باسی فەلسەفەم بۆ مەکەن و مەڵێن مرۆڤ نابێ پوڵپەرەست بێ و جیهان جگە لە پوڵ شتی گرینگتری کەش وەک برادەری و خۆسەویستی و مرۆڤایەتی و گەورەیی دڵ و لیخۆشبوون و مێهریشی تێدایە. ئەگەر نەخۆش بی،ئەگەر بێ پوڵ بی، ئەگەر جل و بەرگی جوانت نەبێ، ئەگەر نەتوانی پوڵی دەرس و کرێ ماڵ و هات و چۆت بدەی یان نەتوانی بە باشی بخۆی ئەوە کەس بە بنیادەمت حیساب ناکا. لە سەردەمی ئێمەدا دەبێ پووڵت بێ بۆ ئەوەی بە مرۆڤت حیساب بکەن. لە هەموو جێگایەک، تەبلیغ, هات و هاوار بۆ کڕین و پوڵ خەرج کردن دەکەن . وەرن بکڕن, پوڵەکانتان بینن شتمان لێ بکڕن، لە سندوقی نامەی ماڵێتەوە بگرە هەتا تلوزێن و رادیۆ و ئی مەیل و ئینتێرنێت و شەقام و ئۆتوبوس و تەنانت لە توالێت و دەست بە ئاویش دەستت لێ هەڵناگرن و بانگت دەکەن بکڕی .کە چاو لێ دەکەی دەبینی ئەوەی دەری دێنی بەشی خەرجی ئاسایی مانگانەت دەکا،کابرای بانک و بیمە و ئابونمانی تەلەیفون و هەموو کەس هەتا نێوت دەنووسن و دەتکەن بە کڕیاری خۆیان هەزار جار بە قوربانت دەبن، کە دەتهەوێ نیوت پاک کەیەوە و ئابونمانەکەت بگۆڕی بە هەموو شێوازێکی بێ ئەدەبانە و توڕانە لەگەڵت هەڵسووکەوت دەکەن.
ژیان ئاوایە.... پوڵ،پوڵ،پوڵ.

4 بزە

لەمێژە لە نێو مێترۆ یان لە گەڕەکە قەرەباڵغەکانی پاریس لە دو ناگەڕێم؛ ئەو ماوەیە بە هۆی نەخۆشیەوە شتێک فێر بووم ئەویش ناسینی دوکتوری چەتەیە.سەیر نیە؛ هەر یەکەی نرخی ویزیتی خۆی جوودایە. جاری وایە دوکتورێک کە نۆرەی 3 مانگ بە نەخۆش دەدا بە تەلەیفونێک دەڵێ سبەی وەرە بەڵام نرخی تایبەتم هەیە. کە دەچی بۆلای 4 جار گرانتر لە نرخی کۆنوانسیۆنت لێ دەستێنێ و لەسەر کاغەکە نرخی باوت بۆ دەنووسێ ئەوە دزی نیە؟ ئەگەر نەخۆشی و حاڵت خراپە مەجبوری بۆ تەندروستیت قەبووڵی بکەی.

رۆژیک دوای کار لە مەک دۆناڵد دانیشتبووم نانێک بخۆم.ئەوێ لە جێگاکانی دیکە هەرزانترە دەنا ئاشقی چاوی نیم.خولاسە؛ سەرت نەهێشنێم دانیشتبووم ژنێکی سواڵکەر لەوانەی هەمیشە زگم پێیان دەسووتێ و هیچیان نادەمێ بەشکم هەوڵ بۆ ژیانیان بدەن و لەو باند بازیە بێنە دەر هات و داوای پووڵی لێ کردم منیشم هیچم نەدایە.کەمێک ئەولاتر چووە لای دوو مێرمنداڵی 13 یان 14 سال و ئەوانیش چاوێکیان لێ کرد و قسەکەیان وە پێکەنینی خستم.دادە گیان دایکمان 20 ئۆرۆی داوینێ. 15 مان لێرە خەرج کردوە و 5 یشی بۆ بلیتی مێترۆ بۆ گەڕانەوەمان. ژنەکە بە باشی لێیان تێ گەیشت و دوور کەوتەوە. روون کردنەوە لەوە جوانتر؟

کەوشەکانم دوو خەتی هەیە بە دوگمە وەسڵ دەبوو یەکیان لێ ببۆوە ؛ کاتم نەبوو بچم چاکی کەم لەگەل لاقم بۆ هەموو جێگایەکی پاریسم
رادەکێشا.رۆژێکیان لە نێو مێترۆ بە پەلە دەچووم بۆ سەر کار. پیاوێک لە سواڵکەرە مەستە تایبەتیەکانی ئێرە نازانم چۆنی دیتبوو؛پێشی پێ گرتم و کزتی بە مقەست بۆت لێ دەکەمەوە بۆ ئەوەی جوانتر برۆی بەڵام 2 ئۆرۆت لێ دەستێنم. لە پێشدا ترسام و روویەکی وام نەدایە دوایە دیتم بە راستی مقەستی پێیە و قەتاری منیش 4 دەقەیەک دوایە دەهات. دانیشتم و بە مقەست بە جوانی دوو لقەکەی بۆ لە کەوسەکەم لێ کردەوە و منیش 2 ئۆرۆکەم دایە.ئەوەندەی ئەو خۆشعاڵ بوو دوو ئەوەندە من.

لەگەڵ بنەماڵەیەکی سانتی مانتاڵی دەولەمەندتر لە خۆمان ؛ من و خۆشەویستەکەم چووینە سەفەری نیس و مۆناکۆ بۆ 2 رۆژی کۆتایی حەوتوو. هەر ئێمە ویستمان بچینە سەیری موزە و کۆشکی کۆن و کەناری دەریای ساکار و خۆڵاوی و ئەوان ویستیان بچنە سەیری دوکان و بازاری گرانفرۆش و لوکس و سەردانی کۆشک و ویلای دەولەمەندەکانی جیهان.لە کۆتاییدا ئێمە شکەستمان خوارد و کە هاتینەوە ماندوو بووین و هیچمان پێ نەبڕا و بەڵێنیمان دا جارێکی دیکە بگەڕێینەوە ز ئەوجارەیان بە تەنیا دوو بە دوو بچینەوە و بە دڵی خۆمان بکەین.

so far

بۆ ماوەیەکە ناتوانم بنووسم؛هۆکاری زۆر هەن؛یەکیان ئەوەیە کە لە مالێ ئینتێرنێتم نیە و لە سەر کاریش چوونکە فۆنتی کوردی لەسەر کامپیوتێرەکەم نیە بۆم سەختە بە کوردی بنووسم. ئەو ماوەیە پڕ بوو لە شتی سەیر و سەمەر؛لە رووداوی خۆش و ناخۆش.
پێم وایە ژیانی من لە راوەستان دا نیە. دەستم کردوە بە کار کردن. تێکەڵی ژیانی هاوبەشی بووم.فریای هیچ ناکەوم. جیسمم لەگەڵم نایە.هەتق ئێستا چەند جارێک بە پیسی نەخۆش کەوتووم.بەڵام هەڵدەستمەوە.ژیان بەردەوامە.
گەورەترین هیوای ژیانم خۆمم.خۆم و ئاواتەکانم.ئەورۆ نەخۆشم و بێ هەست؛ سبەی ڕاست دەبمەوە و لەگەڵ ڕۆژگار شەڕ دەکەم و بە چنگ و بە ددان داوای مافەکانمی لێ دەکەم. ئەو ماوەیە تاقی کاریەک بوو بۆ ژیان. لەگەڵ دەست پێکی ژیانی هاوبەشیم کە 8 ی ئاگوست بوو بە 1 ساڵ و جەژنمان بۆ گرت، هەروەها لەگەل ‌دەستپێکی کاری تازەم ؛ دۆست و رەفیقی زۆر خۆشەویستم ناسی . کەسانێک کە جاروبار دەبن بە هۆکاری هیوای زیاتری ژیانم.
من لە تەمەنی 30 ساڵیدا خۆم بە باشی ناسیوە.کچێکی رووداری بە هێزم هەرچەن بە ڕواڵەت 47 کیلۆم و لاواز.خەریکم بەرەو داهاتوویەکی ڕوون هەنگاو هەڵدەهێنم.خۆشەویستەکەم جوانە؛ئارامە؛مرۆڤە؛تێگەیشتوویە و ژیانی بۆ خۆش کردووم بەڵام کورد نیە! بۆخۆشم سەیرە؛لە نێو کورد لە کەسێکی وا دەگەڕام بەڵام لە نێو غەیرە کورد دا دۆزیمەوە؛جاری وایە دەڵێم ڕەنگە بۆخۆم زۆر کورد نەبووم کە هەستم بە نزیکی لەگەڵ هیچ کوڕێکی کورد نەکردوە. لە شوێنێک کار دەکەم کە هیچ پێوەنیدیەکی بە کوردەوە نیە؛ منێک کە پێم خۆش بوو لەگەڵ کورد و بۆ کورد کار بکەم.بە پێچەوانەی ئەوەی بیرم لێ دەکردەوە چێش لەو کارەم وەردەگرم و هەست بە بەختەوەری دەکەم.
جاری وایە زۆر دوورتر لەو جێگایەی بۆی دەگەڕێی بە ئاواتەکانت دەگەی.سەیرە دەزانم.

مرۆڤە بە هۆش و مێشکەکان بە کەمی لەو جیهانەدا لە جێگای شیاوی خۆیانن؛ئەوانەی لە جێگای زۆر باشن؛بە بیر و مێشكێکی ئاساییەوە گەیشتوونەتێ . یان زۆر پڕکارتر بوون یان زۆر بە شانستر یانیش وەک زۆربەی جاران کۆمەڵگەی ئەورۆکە مرۆڤی زۆر بە مێشکی ناوێ ئەوانی لە جێگایان داناوە.

لێرە و لەوێ

دونیا وای لێ هاتووە؛ ئەوەی نابێ ببێ دەبێ،ئەوەی دەبێ ببێ نابێ.داهێنان ‌شتێکە زۆر بە کەمی لە نێو ئێمەی کورد دا گەشەی کردووە.لە پلەی لاساکردنەوەد(کە ئەویش بۆ گەشە کردن و هەڵچوون پێویستە) دەمێنینەوە و قەت فێری داهێنان نابین.
بەرنامەی تێلێوزیۆنی فەرانسە چاو لێ دەکەم،هیچیان لەوی دیکە ناچن. ئەوڕۆ چاوم لە بەرنامەی(ئاوێنەی حەفتەی تیشک تی ڤی) کرد. ستایل هەر ستایلی رووداوە،تەنیا لە جێگای رۆژنامەکانی ئوروپا و ئامریکا،ئەوانی کوردستانە.ماشاڵا
.......................................
دەڵین ئەرێ چی دەکەی خەریکی چی،دەڵیم دیسان خەریکی کۆ کردنەوە و خۆ قەڵەو کردنم بۆ ئەوەی بیکەم بە نامیلکەیەک و بە مفت دەرخواردی ئەوانەی دەم وا قەدری نازانن.گاڵتە بوو ئەوجارەیان دەنکە جۆیەکیشم لە مست دەر ناهێنن،قڕ و قەپە
.........................................
خەریکە باسی زەماوەندم لەگەڵ دەکا، منیش دەترسم، دەترسم پیاوێکی ناسکتر لە گوڵ و گوڵای شارەکەی،دوای زەماوەند کردن وەک کوڕانی مێدیا ببێتە دڕوو و بریندارم کا. هەر ئاوا باشە،هەست بە خۆشویستنی و خۆشویستنم دەکەم و دەکەین
.......................................
ئەرێ کەس لێرە دەروون ناس هەیە؟ قسەیان ،قیافەیان بە پەناباتێک ناوێ ئەوەندە بێ تام و لاساکەرانەیە،تێ ناگا و بۆتە بەرپرسی پرۆپاگاندا کردن بۆ خۆی. یەکی تر بە زۆر ناتوانێ لەسەر هیچ بابەتێک بنووسێ و دێڕی
دەفتەرەکەی ڕەش کاتەوە،دەرگا و کلیلی بۆ دەفتەرەکەی داناوە
...............................
باوەڕم بــــــــــــــــــە چوارچێوە نەماوە. لە دەرەوەی سنوورەکانی مێدیا, لە کاشان بۆ شوالیەی خەونەکانم گەڕام،ئێستا لەگەڵیم،رەنگی چاوی تیلەییە، هەر جارەی رەنگێک دەنوێنن، پێم وایە ئەوەیە وا لێی دەگەڕام.

نه‌ورۆز کاتی تازه‌ بوونه‌وه‌


نه‌ورۆزه‌، پیرۆز بێ،ئه‌رێ نه‌ورۆز هی کێێه‌؟کورده‌کان ده‌ڵێن هی ئێمه‌یه‌، فارسه‌کان، به‌ هی خۆیانی ده‌زانن، تاجیک و ئه‌فغان و تورکمه‌نستانیه‌کانیش نه‌ورۆز ده‌گرن، که‌مێک ئه‌ولاتر، له‌ تایله‌ند و چین و تایوانیش، مانگێک پێش ئێمه‌ ، له‌ کاتی هاتنی به‌هاریاندا، ساڵ نوێ ده‌که‌نه‌وه‌.نه‌ورۆز ماڵی هیچ که‌س نیه‌ به‌ڵام بۆ هه‌موو که‌سه‌، هه‌ر وه‌ک کریسمه‌س که‌ ساڵی نوێی زۆر که‌سه‌ و مڵکی هیچ که‌س نیه‌. هه‌مووی ئه‌وانه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤه‌کان یه‌ک جار ، لانی که‌م یه‌ک جار له‌ ساڵدا نوێ ببنه‌وه‌ و تازه‌گی و نوێیی به‌ ژیان و مێشک و دڵ و روخسار و ماڵ و حاڵیان بده‌ن، چوونکه‌ بێ ئال و گۆڕ و نۆ بوونه‌وه‌ ژیانی بێ مانایه‌،ته‌حه‌مولی چرکه‌کانیش ئه‌سته‌مه‌،جا ئه‌وه‌ منیش هه‌وڵم داوه‌ که‌مێک ئاڵ و گۆڕ ساز بکه‌م، ئه‌و مانگه‌ یان مانگه‌که‌ی دیکه‌،به‌ زوویی، ئه‌گه‌ر ئێستا له‌ ئاڵ و گۆڕ بترسم وه‌ک ئه‌و هه‌موو چرکانه‌ ی ساڵی ڕابردوو ترساوم، ناتوانم ژیانم بۆ خۆم خۆش که‌م، ناتوانم هه‌ڵبچم و گه‌شه‌ بکه‌م، که‌ وایه‌ ناترسم و جارێکی تریش، هه‌وڵی گۆڕینی هه‌موو شتێک له‌ ژیانم ده‌ده‌م، ئه‌وجاره‌یان به‌ ته‌نیا نیم و هاوڕێگایه‌کم له‌گه‌ڵه‌ که‌ یارمه‌تیم ده‌دا.

نه‌ورۆز پیرۆز، ئاڵ و گۆڕ و نوێ بوونه‌وه‌تان پیرۆز، هیوادارم ئه‌وساڵتان وه‌ک هیچ یه‌ک له‌ ساڵانی ڕابردوو نه‌چێ و جیاواز بێ
photo: internet-azarbayjan and torkmanestan novruz

کارخانه‌ی مێشک


ڕؤژێک دانیشتم، هه‌موو ئه‌و که‌ل و په‌لانه‌، ئه‌و بابه‌تانه‌، ئه‌و شتانه‌ی له‌ نێو مێشکمدا خه‌ریکی هات و چۆ و ورد بوون و نه‌رم بوون و هاڕاندنن، لێک داوه‌ و به‌سه‌ریان دا چوومه‌وه‌،ماوه‌یه‌که‌ له‌ پوڵ، کرێ ماڵ،داهات و مووچه‌ی مانگانه‌م زیاتر چی تری تێدا نیه‌، له‌ ترسی ئه‌وه‌ی سه‌ری مانگ نه‌توانم کرێ ماڵی تێرێز بده‌م یان حیسابه‌که‌م نه‌چێته‌ ژێر سیفر، شه‌وانه‌ زۆر نانووم، زۆر کتێب ناخوێنه‌مه‌وه‌ و کتێبه‌که‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ی 214 ماوه‌ته‌وه‌ و زۆری نه‌کردوه‌.


جاران که‌مێک بیرم له‌ خۆم ده‌کرده‌وه‌ بزانم چیم، بۆ کوێ ده‌ڕۆم، چۆن ده‌ژیم و ده‌بێ چۆن بژیم، بیرم له‌ ده‌ورووبه‌رم ده‌کردوه‌، له‌ کورده‌کان، ته‌نانه‌ت فریای ئافریقا و ئاسیا و مرۆڤه‌کانی داهاتووش ده‌که‌وتم و خه‌ونم بۆ ده‌دیتن به‌ڵام ئیستا، ژیانی سه‌رده‌می ماشین و پاره‌، وای لێ کردووم، کارخانه‌ی مێشکمی وا داگیر کردوه‌ که‌ چی تر به‌رهه‌می ره‌نگینی ویستی دڵم لێی نایاته‌ ده‌ر، له‌ ماڵ ده‌گه‌ڕێم، له‌ حیسابی بانکێکه‌م ده‌کۆڵمه‌وه‌، چی تر وه‌ک جاران له‌ بیری باشترکردنی کاره‌که‌م دانیم، هه‌موو شتێک به‌ دوو کاغه‌ز و ئاسنی پوڵه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌، له‌وه‌تا فیلمی نه‌وه‌د و نۆ فرانکیشم بینیوه‌ ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ خه‌ریکم له‌ جیهانی ماشێن و پول بێزار ده‌بم.

لێره‌

کاتێک کورده‌کان و حکوومه‌تی کوردی خۆیان ئازادی به‌یان و ڕۆژنامه‌ڤانی پێشێل ده‌که‌ن، چاوه‌ڕوانی چی له‌ حکوومه‌ته‌کانی دیکه‌ ده‌که‌ی؟

جاری وایه‌ له‌وه‌ی هیچ شتێک له‌ سه‌ر جێگای خۆی نیه‌ و هیچ که‌س له‌سه‌ر شوێنی خۆی، خه‌مناکم، به‌ڵام هیچ ده‌سه‌ڵاتێکم نیه‌ و بیر له‌وه‌ ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو شتێک له‌ سه‌ر شوێنی خۆی بایه‌ و هه‌موو که‌سێک به‌ پیی توانایی و لێهاتوویی و گه‌وره‌یی دڵی ژیان و هه‌ل و مه‌رجی بۆ ڕه‌خسابا، ئیتر تێکۆشانی بێ وچان بێ مانا ده‌بوو، ئێمه‌ بۆچی و بۆ پێکهێنانی چی و بۆ به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ چی هه‌وڵمان بۆ ژیان دابا؟
ئه‌گه‌ر توانیت و بۆت کرا، به‌شی خۆت هه‌وڵ بده‌ ئه‌و شتانه‌ و ئه‌و که‌سانه‌ بخه‌یه‌ سه‌ر شوێن و جێگای خۆیان ، ئه‌گه‌ر جێگا و شوێنه‌که‌یان ده‌زانی،ئه‌گه‌ریش نا ئه‌وه‌ لێی گه‌ڕێ و خۆت له‌و شت و که‌سانه‌ لاده‌ که‌ له‌ سه‌ر شوێن و جێگای خۆیان نین.

هه‌موو بوونه‌وه‌رێکی زیندوو که‌ نه‌فه‌س ده‌کێشێ، چ به‌ ئۆکسیژێن ، چ به‌ دی ئۆکسیدی که‌ربۆن، فه‌رق ناکا کامیان، ڕۆژێک دادێ، پیر ده‌بێ، نه‌خۆش ده‌ه‌که‌وێ، هه‌ست ده‌کا به‌شێک که‌ له‌شی یان هه‌موو له‌شی وه‌ک جاران کار ناکا و ئێنێرژیه‌کی وای بۆ درێژه‌دانی ڕێگاکه‌ نه‌ماوه‌.ئه‌وڕۆژانه‌ی نه‌خۆشی،یان هه‌ست به‌ بێ هه‌ستی له‌شت ده‌که‌ی،ڕه‌نگه‌ هه‌م بترسی و هه‌میش بێ سرنجدان به‌ ده‌وروبه‌رت بکه‌وێ نێو دونیایه‌کی جیاوازه‌وه‌، دونیایه‌ک که‌ تێیدا خه‌می ئه‌وه‌ت نه‌مێنێ جوانی یان نا، لاوی یان پیرتر دیاری،خه‌می ئه‌وه‌ت نه‌بێ چی بخۆی یان بۆ شام چی لێ نێی یان له‌ فڵان میوانیدا چی له‌به‌ر بکه‌ی، به‌ڵکوو زیاتر خه‌می نه‌فه‌سه‌کانت بێ که‌ به‌ فێڕوو نه‌ڕۆن و نه‌یه‌ن
ئه‌گه‌ر نه‌خۆش ده‌که‌وی یان له‌ بواری جیسمیه‌وه‌ لاواز ده‌بی و ڕووداوێک ناهێڵێ مێکانیزمی جیسمت وه‌ک جاران کار بکا، تێ ده‌گه‌ی بۆ ده‌بێ بژی و نه‌فه‌س بکێشی، حاڵی هه‌ی چرکه‌کانی ژیان چه‌نده‌ گرینگن و چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ش کورتن،ئه‌وکات هه‌ست به‌ جودابوونه‌وه‌ له‌ ژیانی زه‌وی و فڕین بۆ جیهانی ده‌روونت ده‌که‌ی. جیهانێک که‌ که‌س ئاگای له‌ ئازاره‌کانی نیه‌، تۆ ده‌ڵێی هێشت هه‌یه‌، تۆ ده‌ڵێی لاوازی، تۆ ده‌ڵێی بێ هه‌ستی و که‌س لێت تێ ناگا و هه‌ستت پێ ناکا چوونکه‌ لاوازی و بێ هه‌ستی تۆ نابیندرێ. ته‌نیا بزه‌یه‌ک، یان جووڵانه‌وه‌ی سه‌رێکه‌ و هیچی تر بۆ ئه‌وه‌ی بزانی لێت تێ گه‌یشتوون
قه‌ت بووه‌ بچیه‌ نێو کۆماوه‌ و بێهۆش بی؟ که‌ ده‌چیه‌ نێو کۆما یان بێهۆش ده‌بی، له‌ ژیانی زه‌وی و مرۆڤه‌کانی و نه‌فه‌سه‌کانی داده‌بڕی و له‌ نێو بوون و نه‌بووندا، له‌ نێوان مان و نه‌ماندا چنگ لێ ده‌ده‌ی و نازانی چنگ له‌ چی ده‌ده‌ی و بۆ، ته‌نیا ده‌زانی ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ی و بژی، نه‌فه‌س نه‌کێشانت به‌ مانای ماڵئاوایی له‌ هه‌موو شتێکه‌ و نابێ ڕاگیرێ
بڵێی ئه‌وده‌م هه‌ست به‌ بوون بکه‌ی یان نرخی نه‌سه‌فه‌کانی ژیانیت باشتر بزانی؟ وابزانه‌ جارێکی تر ده‌رفه‌تی نه‌فه‌س کێشانت بۆ جاری دووهه‌م پێ دراوه‌، دوایین شانسی ژیانت تاقی که‌وه‌ و بژی
بۆ شلێر

ئه‌ده‌بیاتی پێکه‌نینی


ئه‌وه‌ نموونه‌یه‌ک له‌ ئه‌ده‌بیاتی پێکه‌نینی، له‌ سایتی پوک مێدیادا چاوی لێ بکه‌ن


به‌مه‌به‌ستی هاندانی ده‌ستی كاری پسپۆڕی ناوخۆ له‌ بواره‌ جیاجیاكان و پاڵپشتیكردنی پڕۆژه‌ی نوێ و كاری نوێ، سه‌نته‌ری سه‌رده‌می جوانكاری له‌ شاری سلێمانی و له‌ بینای ده‌زگای سه‌رده‌م كرایه‌وه‌. پڕۆژه‌و سه‌نته‌رانه‌ بكرێته‌وه‌ بۆ مه‌به‌ستی ڕێنوێنی كردن و هاندانی پیاوان و ژنان بۆ جوانكاری و پاراستنی پێست و گه‌شه‌یان."عبدالقادر" به‌رپرسی سه‌نته‌ره‌كه‌ ئومێدی خواست به‌ هاوكاری هه‌موولایه‌ك خزمه‌تگوزاریی به‌پیاوان و ژنانی سلێمانی و هه‌رێمی كوردستان بگه‌یه‌نن.سه‌نته‌ری سه‌رده‌می جوانی له‌ سلێمانی بۆ جوانكردن و پاراستنی پێست، به‌ لێزه‌ر كاره‌كان ئه‌نجامده‌دات بۆ پیاوان و ژنان و پسپۆڕییان له‌و بواره‌دا هه‌یه‌ بۆ لابردنی چرچولۆچی پێست و باش ڕاگرتنی بۆ دروست كردنی نه‌وه‌یه‌كی ته‌ندروست و باش و شاره‌زا له‌ بواره‌كانی خۆڕێكخستندا


پاپ بێنێدیکت، ده‌بێته‌ بابا پێندیکت له‌ په‌یامنێر ڕێکه‌وتی 26ی دێسامبری 2007


ده‌رهێنه‌ره‌کانی باشوری کوردستان تیتری فارسی ده‌که‌نه‌ کوردی بۆ فیلمه‌که‌یانی داده‌نێن ، خه‌ڵاتیشی پێ ده‌به‌نه‌وه‌، ئیدی ناڵێن 12 میلیۆنێک کوردی ئه‌ودیو له‌ ئێران ئه‌و فیلمه‌یان به‌ تیتیری فارسیه‌وه‌ دیوه‌ و عه‌یبه‌.په‌ڕینه‌وه‌ له‌ غوبار، هه‌ر تیتری فیلمی عبور از غباری ئێرانه‌ کراوه‌ به‌ کوردی و ته‌ق لاساکراوه‌ته‌وه‌ و سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵاتیشی پێ ده‌به‌نه‌وه


بوش بۆ ده‌بێته‌ بۆش؟ ژاپۆن بۆ ده‌بێته‌ یابان؟ بروسکه‌ نامه‌ی پیرۆزبایی چیه‌؟ ئه‌رێ مجازه‌فه‌ کردن له‌ کاتی دووگیانیدا یانی چی؟له‌ سایتی هاووڵاتی ڕێکه‌وتی 21 ی دێسامبر نووسرابوو‌


یاخی به‌ ته‌وانی 2

تۆ خه‌ونی ڕووت بوونه‌وه‌ی له‌شی منت ده‌بینی،من خه‌ونی ون بوونی تۆ ، داپۆشراو به‌ ته‌پ و مژێکی ڕه‌ش که‌ قه‌ت نه‌یتوانی و ناتوانێ ڕووتی ڕووحم ببینێ
من گڵۆڵه‌ی به‌نی سه‌رکه‌وتنه‌کانم به‌ خووری یارمه‌تی هیچ ئاده‌مێک هه‌ڵنه‌کرده‌وه‌
به‌ڵام تۆ خۆت به‌ ئازار و سه‌بوری حه‌واکانی دیاری کوێستانه‌کان گه‌وره‌ کرد و پشتت تێ کردن.
کێ ده‌ڵێ منیش حه‌وایه‌کی تری نێو خه‌ونه‌کانت نه‌بووم و هه‌موو وزه‌ی له‌شمت نه‌ویست بۆ هه‌ڵچوونت و دوایه‌ش به‌جێهێشتنم بۆ حه‌وایه‌کی دایه‌نی داهاتوو؟

یاخی

.من ژنم،شیره‌ ژن نیم،که‌ڵه‌ ژن نیم،نانه‌ڕێنم وه‌ک شێر و جوانه‌گاکان که‌ نازانن بخوولقێنن و گیانیان لێ بێته‌وه‌
.که‌ ناتوانن ببن به‌ دوو ،ده‌سه‌ڵاتی ژیانی 279 ڕۆژه‌ی به‌هه‌شتی منیان نیه‌
.من ژنم، زمانم، ددانم، پێ هه‌ڵگرتنم،ته‌واو بوونم، هه‌موو نووره‌ و خێرا،بۆ جوبرانی که‌میه‌کانم،نانه‌ڕێنم،ناوه‌شێنم
.من ژنم ،خودی خودا،ئه‌ویش ژنه‌،ده‌خوولقێنێ و 279 ڕۆژ به‌هه‌شتی دوو گیانه‌