له مێژه لێره نانووسم.ده‌زانم بۆ به‌لام نانووسم بۆ.هۆکاری زۆره،ڕه‌نگه ماندوویی بێ،من ماندووم.به‌ڵام له ناخی ده‌روونم دا شادم.
چه‌ند ڕۆژێکه بوومه‌ته سی و یه‌ک ساڵ،له چه‌ند ڕۆژ پێش سی و یه‌ک ساڵیمه‌وه هه‌تا ئێستا رووداوی سه‌یر و ناخۆشم لێ رووده‌دا به‌ڵام من نابه‌زم،له ساڵی 2004 ه‌وه زۆر قایم بووم، له‌وکاته‌وه‌ی هه‌واڵی مردنی بابم بیستوه ئیدی له ده‌ست دانی هیچ شتێکی تر ناهومێد و بێ هیوام ناکا،بۆخۆشم پێم سه‌یره بۆ وا دڵم ره‌ق بووه،جاران زۆر باش بوو زۆر ده‌گریاممدوایه سووک سووک ده‌بووم،به‌ڵام ئێستا وه‌ک ئه‌و ژنانه‌ی له عوزر ده‌وه‌ستنه‌وه‌م منیش کانی فرمێسکم ویشکاوه و چی تر ناگریم.یانی هه‌وڵ ده‌ده‌م بگریم به‌ڵام گریانم نایه.
له جیاتی گریان وه‌ک ژانی منداڵ بوون و زه‌یستانی،دڵم و شان و پیلم و باسکی راستم ده‌ته‌زن و ژان ده‌که‌ن و پاشان که حه‌مامێکی ئاوی گه‌رم ده‌که‌م ده‌حه‌سێمه‌وه به‌ڵام سووک نابم.
ئه‌وڕۆژانه به پێیان زۆر ده‌ڕۆم، رۆژانی شه‌ممه و یه‌کشه‌ممه نزیکه‌ی 5 کیلومێترێک ره‌نگه زیاتریش بڕۆم و جاری وایه نازانم سه‌رم له کوێ ده‌رهێناوه.پیاده ره‌ویم زۆر پێ خۆشه، هه‌ست ده‌که‌م به پێیان رۆیشتن هه‌موو خه‌مه‌کانم،هه‌موو ئۆقده و گرێکانی دڵ و ده‌روونم له ناو جه‌سته‌م وه‌ده‌ر ده‌نێ و که‌مێم ، زۆر نا، ته‌نیا که‌مێک له باره قورسه‌کانی ژیانم لێ سووک ده‌کا.
حه‌وتووی پێشتر له هه‌موو کلیسا گه‌وره‌کانی شار شه‌مم هه‌ڵگیرساند و گۆڵم به سه‌ر چۆمی سێندا په‌ڕ په‌ڕ کرد،ئه‌و حه‌وتوویه‌ش کاتژمێرێک وه‌ک خه‌ڵکێکی دیکه،له ده‌وری پیاوێکی روح سووکی کلۆن کۆبوومه‌وه و به ژێست و قسه‌کانی و ته‌ڕده‌ستیه‌کانی پێکه‌نیم.
له هه‌ر شه‌قامێکی پاریس تووشی شتێک ده‌بم،خه‌ڵکانێک که بۆ مافی ژیوار و سروشت کۆبوونه‌وه یان داوای مافی خه‌ڵکی فه‌له‌ستین ده‌که‌ن ، یان رێکلام بۆ سه‌فه‌ر و خوارده‌مه‌نی و موسیقای یونان ده‌که‌ن و یانیش پوڵ بۆ خاچی سوور کۆ ده‌که‌نوه و یانیش وه‌ک ئه‌و پیاوه خه‌ڵک وه پێکه‌نین ده‌خه‌ن. خه‌ڵکانێکی تر له‌به‌رده‌رگای شاره‌داری خه‌ریکی وه‌رزشی تێنیس و چاولێکردنی فیناڵی ژنانی ئو وه‌رزشه بوون.
موزه‌کانیش پڕن له خه‌ڵکم من ته‌نیا خۆم به موزه‌ی پۆتی پاله دا کرد و که‌مێک وێنه و تابلۆ و ئاسه‌واری سه‌ده‌کانی ده تا پازده‌ی زایینیم دیتن که باسێک بوو له‌سه‌ر هوونه‌ری مه‌زهه‌بی و دینی،ئه‌و هه‌موو پوڵ و سروه‌ت و زێڕه‌ی ئه‌وکات خه‌ر جی جل و به‌رگی که‌شه‌کان و په‌رده‌ی کلیساکان و شه‌مدانه زێڕه‌کان کراوه و خه‌ڵکیش له برسان ده‌مردن،هه‌ر وه‌ک ئێستا مه‌لاکان ی مزگه‌وتکان و واتیکان و که‌شه‌کان و هه‌موو ئه‌وانه‌ی باسی دین ده‌که‌ن و پوڵ بۆ خه‌ڵکی هه‌ژار کۆده‌که‌نه‌وه و بۆخۆشیان جل و به‌رگ و ماشێن و ماڵی سازکراو له زێریان هه‌یه.
جاران بۆ هه‌ر شه‌مێک له کلیساکان دامده‌گیرساند یه‌ک یۆرۆ یان دوانم له سندوق ده‌هاویشت ئێستا ته‌نیا سی سانتیم چوونکه ده زانم هه‌ر به‌وه‌نده‌یه و خودا پێی خۆش نیه کچێکی وه‌ک من هه‌ژار و تازه ده‌ست به گیرفان گه‌یشتوو دوو ئۆرۆ بۆ شه‌مێکی بچووک بدا و بگری.